کاردانەوە جۆراجۆرەکان بەرامبەر بە ڕێگریکردن لە گەڕانەوەى دوو پەرلەمانتار بۆ هەولێر

کاردانەوە جۆراجۆرەکان بەرامبەر بە ڕێگریکردن لە گەڕانەوەى دوو پەرلەمانتار بۆ هەولێر
1 هەفتە پێش ئێستا

7072 جار خوێندراوەتەوە

+ -

ڕووداوەکەى شەوى سێشەممەى بازگەى پردێ کە تێیدا ڕێگرى لە دوو پەرلەمانتارى کوردستان کرا بگەڕێنەوە شارى هەولێر، کاردانەوەى جیاوازى لێکەوتەوە و  پەرلەمانتارەکان و ئاسایشى هەولێریش لێدوانى دژ بە یەک دەدەن.

سۆران عومەر پەرلەمانتارى فراکسیۆنى کۆمەڵ کە سەرۆکى لیژنەى مافى مرۆڤى پەرلەمانى کوردستانیشە دەڵێت، ڕووداوەکە پلانداڕێژراو بووە و هەرچەندە ناسنامەیان پیشانى ئاسایشەکانى بازەگەکە داوە بەڵام سەیریان نەکردووە و پێیانووتوون بۆتان نییە بچنە هەولێرەوە و بڕیارى سەرووى خۆیان جێبەجێ دەکەن.

هەر چەندە تا ئێستا لەسەر ڕووداوەکە ئاسایشى هەولێر بە فەرمى هیچ ڕوونکردنەوەیەکى بڵاونەکردووەتەوە، بەڵام تارق نورى بەڕێوەبەرى ئاسایشى هەولێر لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەرى پارتى ڕەتیکردووەتەوە ئەو ڕووداوە بەرنامە داڕێژراو بووبێت و دەڵێت، سۆران عومەر دەمانچەى لە ئاسایشەکان ڕاکێشاوە، بەڵام پەرلەمانتارەکەى کۆمەڵ ڕەتیکردەوە دەمانچەى ڕاکێشابێت و داواى کرد ئاسایش ڤیدیۆى ڕووداوەکە بڵاو بکاتەوە.

عەلى حەمە ساڵح پەرلەمانتارى فراکسیۆنى گۆڕانیش کە لە ڕووداوەکەدا ڕێگریى لێکرا بگەڕێتەوە هەولێر دەڵێت، ئەو هەوڵیداوە کێشەکە چارەسەر بکات، بەڵام لە بەرئەوەى لەسەرووى خۆیانەوە فەرمانیان پێکرا بوو بەرپرسانى بازگەکە گوێیان لێ نەگرتوون.

هەر لە کاردانەوەى ڕێگرى لەو دوو ئەندامەى پەرلەمان، چوار فراکسیۆنى پەرلەمانى کوردستان ڕاگەیەندراوێکى هاوبەشیان بڵاوکردەوە و ئیدانەى ڕێگرییەکەیان کرد و ڕایانگەیاند، پاش ئه‌وه‌ی به ‌فه‌رمانی حزبی ڕێ له‌ سه‌رۆکی په‌رله‌مان گیرا، له‌ هه‌مان بازگه‌‌ برینێکی تریشیان خسته‌ جه‌سته‌ی په‌رله‌مان به‌بێ ڕێزیکردن به‌ دوو په‌رله‌مانتاری کوردستان له‌ فراکسیۆنەکانى گۆڕان و کۆمه‌ڵی ئیسلامی.

فراکسیۆنەکانى گۆڕان و یەکگرتوو و کۆمەڵ و بزووتنەوە داواشیان كردووە لایەنی پەیوەنددار ڕوونكردنەوە بدات و پۆزش بۆ دوو پەرلەمانتارەكە بهێنێتەوە و بەڵێنی دووبارە نەبوونەوەی بدات.

ئێن ئاڕ تى گرتەی ڤیدیۆیی ساتى ڕووداوەکەى دەست کەوتووە کە سۆران عومەر لەناو ئۆتۆمبێلەکەی خۆیدا تۆماریکردووە و دەردەکەوێت کە دەمەقاڵێ لەنێوان ئەو پەرلەمانتارە و ئاسایشەکانى بازگەکەدا دروست دەبێت.

ده‌سته‌ى سه‌ربه‌خۆیى مافى مرۆڤیش لەسەر ڕووداوەکە نیگەرانى خۆى دەربڕیوە و ڕایگەیاند، پێویسته‌ ئه‌ندامى په‌رله‌مان ڕێزى لێ بگیرێت كه‌ نوێنه‌رى خه‌ڵكه‌ و ‌ خاوه‌نى پارێز به‌ندى یاساییه‌ و ناكرێت به‌و شێوه‌ ڕێگریی لێ بكرێ.

ئەو ڕووداوە لەکاتێکدایە ١٢ى ئۆکتۆبەرى ساڵى ٢٠١٥ش لە هەمان بازگە کە ٣٠ کیلۆمەتر دەکەوێتە باشورى ڕۆژئاواى شارى هەولێرەوە، ڕێگرى لە سەرۆکى پەرلەمانى کوردستان کرا بگەڕێتەوە هەولێر، ئەو ڕووداوەش بووە هۆى قوڵبوونەوەى زیاترى ناکۆکییە سیاسییەکانى هەرێم و پەکخستنى پەرلەمان.

ر.م