بۆچی عەلی حەمە ساڵح و سۆران عومەر زۆرترین کات پێکەوە دەبیندرێن؟

بۆچی عەلی حەمە ساڵح و سۆران عومەر زۆرترین کات پێکەوە دەبیندرێن؟
1 هەفتە پێش ئێستا

69100 جار خوێندراوەتەوە

+ -

هەردوو پەرلەمانتاری کوردستان سۆران عومەر لە فراکسیۆنی کۆمەڵ و عەلی حەمە ساڵح لە فراکسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان زۆرجار پێکەوە دەبیندرێت، خۆیان وەڵامی ئەوە دەدەنەوە کە چی کۆی کردوونەتەوە.

عەلی حەمە ساڵح، ئەندام پەرلەمانی کوردستان لەسەر لیستی بزووتنەوەی گۆڕان لە بەرنامەی تاوتوێی کەناڵی ئێن ئاڕ تیدا باسی لەو هۆکارە کرد و ڕایگەیاند "من و سۆران عومەر هەردووکمان لە لیژنەیی دارایین هەردووکمان باوەڕمان بە یەک شت هەیە کە بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵییە بۆیە ئەمە لێکی نزیک کردووینەتەوە".

وتیشی "من بە سرووشتی خۆم حەزم بە کاری گروپە و بۆ ئەوەش سۆران عومەرم هەڵبژاردووە کە کارمان نزیکە و لەسەر خەتێک کار دەکەین".

هاوکات سۆران عومەر لە وەڵامی ئەو پرسیارەدا وتی "توندوتۆڵی پەیوەندی نێوان ئێمە لە لیژنەی داراییەوە دەستپێدەکات و هەردووکمان لە بەرەیەکین کە بەرەنگار بوونەوەی ستەم و زۆردارییە".

سۆران عومەر ئاماژەی بەوەکرد "ئێمە بەرەنگاری زوڵم و قۆرخکاری دەکەین جا لەهەر شوێنێکەوە بێت، هەروەها بەرگری لە چینی ستەملێکراو دەکەین جا ئەگەر پارتی یان شویعی یان هەر لایەنێکی دیکە بێت".

پەرلەمانتارەکەی کۆمەڵ دەشڵێت "من و عەلی حەمە ساڵح ماوەیەک شوێنی نیشتەجێبوونمان بەیەکەوە بوو و تێکەڵی خێزانیمان هەیە، ئەوەش یەکێک بوو لە هۆکارەکانی نزیکیمان".

ئەو دوو پەرلەمانتارە پێشتر چەندجارێک لە خۆپیشاندان و ڕاگەیاندنی پڕۆژەدا بەیەکەوە بیندراون و دوێنێش لە بازگەی پردێ ڕێگریان لێکرا کە بچە شاری هەولێرەوە.

ب.ح