دوو قۆڵى ئۆپراسیۆنى توڕەیى فورات لە باکوورى ڕۆژئاواى ڕەقە بەیەک گەیشتنەوە

دوو قۆڵى ئۆپراسیۆنى توڕەیى فورات لە باکوورى ڕۆژئاواى ڕەقە بەیەک گەیشتنەوە
نەخشەى شوێنى گەمارۆدانى داعش و بەیەگەیشتنەوە شەڕڤانان لە باکوورى ڕۆژئاواى ڕەقە
7 رۆژ پێش ئێستا

14551 جار خوێندراوەتەوە

+ -

هەر دوو قۆڵى عەین عیسا و قادرییە لە ئۆپراسیۆنى تووڕەیى فوراتدا بۆ کۆنتڕۆڵکردنى ڕەقە، لە گوندی کەرمانجۆى باکوورى ڕۆژئاواى ڕەقە بە یەک گەیشتنەوە و ناوچەیەکى گەورەیى ژێر دەستى چەکدارەکانى داعشیش لەلایەن شەڕڤانانەوە گەمارۆدراوە.

ئاژانسى هەواڵى هاوار ئەمڕۆ ١١ى کانوونى دووەمی ٢٠١٧ لە ڕۆژئاواى کورستان بڵاویکردەوە، لە قۆناغى دووەمى ئۆپراسیۆنى توڕەیى فوراتدا بۆ کۆنتڕۆڵکردنى ڕەقە، شەڕڤانان لە کاتژمێر یەکى دواى نیوەڕۆدا لە قۆڵى قادرییەوە گوندى کەرمانجۆیان ڕزگارکرد و شەڕڤانانیش لە قۆڵى عەین عیساوە گوندى هوڤەج یان ڕزگارکرد و لە گوندى کەرمانجۆ بە یەک گەیشتنەوە.

ئاماژە بەوەشکراوە، بەیەک گەیشتنەوەى ئەو دوو قۆڵەى ئۆپراسیۆنى توڕەیى فورات بووەتە هۆى ئەوە ناوچەیەکى بەرفراوان کە لە ژێر کۆنتڕۆڵى چەکدارەکانى داعشدایە لەلایەن شەڕڤانانەوە گەمارۆ بدرێت.

لە سەرەتاى دەستپێکردنى قۆناغى دووەمى ئۆپراسیۆنى توڕەیى فورات و ئۆپراسیۆنى لە قۆڵەکانى قادرییە و عەین عیساوە، شەڕڤانان تا ئێستا لە قۆڵى قادرییەوە ٥٧ کیلۆمەتر و لە قۆڵى عەین عیساشەوە ٣٤ کیلۆمەتر پێشڕەوییان کردووە و ژمارەى ئەو گوندانەى کە لە قۆڵى عەین عیساوە لەلایەن شەڕڤانانەوە ڕزگارکراون گەیشتە ٤٥ گوندى گەورە و ٢٠ گوندى بچووک.

لە ئێستاشدا شەڕڤانان لە بەشى باکوورى ڕۆژئاواى ڕەقەوە ٢٨ کیۆمەتر لە شارى ڕەقەوە دوورن.

شەڕڤانان لە بەردەوامیى پێشڕەوییەکانیاندا بەرەو ڕەقە ڕۆژى ٦ى کانوونى دووەمی ٢٠١٧ قەڵاى دوو سەریان لە سێ کیلۆمەتریى باشوورى گوندى جابری ڕۆژهەڵات و جەبارى ڕۆژئاوا، کە دەکەوێتە باکوورى بەنداوى فورات و لەسەر لێوارەکانى ڕووبارى فورتدایە کۆنتڕۆڵکرد.

ئۆپراسیۆنى توڕەیى فورات بۆ کۆنتڕۆڵکردنەوەى ڕەقە

جیهان ئەحمەد وتەبێژی ژووری ئۆپراسیۆنی کۆنتڕۆڵکردنەوەی ڕەقە دوانیوەڕۆی ڕۆژی یەکشەممە ٦ى تشرینى دووەمى ٢٠١٦ لە شارۆچکەی عەین عیساوە ئۆپراسیۆنی توڕەى فوراتى بۆ کۆنتڕۆڵکردنى ڕەقە ڕاگەیاند، کە لە ڕۆژى ٥ى تشرینى دووەمى ٢٠١٦ەوە دەستیپێکردبوو.

بەپێی ڕاگەیاندنی ژووری ئۆپراسیۆنەکە ٣٠ هەزار شەڕڤان بەشداری لە ئۆپراسیۆنى کۆنترۆڵکردنەوەى ڕەقەدا دەکەن کە ئەو ٣٠ هەزار شەڕڤانە سەر بە نۆ هێزی ناو هێزەکانی سوریاى دیموکراتن، ئەو هێزانەش بریتین لە هێزەکانی: یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە)، یەکینەکانی پاراستنی ژن (یەپەژە)، لیوای ڕزگاریی ڕەقە، لیوای شۆڕشگێڕانی ڕەقە، ئەنجوومەنی سەربازی سریانی،  لیوای هەڵۆکانی ڕەقە، لیوای شەهیدانی ڕەقە، هێزی شەهیدانی حەمام تورکمان لەگەڵ لیواى ئەحرارى ڕەقە.

ژوورى چالاکیى ئۆپراسیۆنى توڕەیى فورات بۆ کۆنتڕۆڵکردنى شارى ڕەقە ڕۆژى ١٤ى تشرینى دووەمى ٢٠١٦ لە کۆنفڕانسێکى ڕۆژنامەنووسیدا ڕایانگەیاند، لە قۆناغى یەکەمى ئۆپراسیۆنى توڕەیى فوراتدا، کە لە ڕۆژى ٥ى تشرینى دووەمى ٢٠١٦ەوە لە قۆڵەکانى عەین عیسا و سلوکەوە دەستیپێکردووە، ٧٠٠ کیلۆمەتر چوار گۆشە، کە ٣٤ گوند و ٣١ مەزرا و حەوت گردى ستراتیژى و وێستگەیەکى کارەبا و وێستگەیەکى ئاو لە خۆ دەگرێت، کۆنتڕۆڵکردووە.

شەڕڤانان ئەوەشیان خستەڕوو، لە ماوەى ئەو ١٠ ڕۆژدا بەهۆى شەڕ و پێکدادانەکانەوە ١٦٧ چەکدارى داعش کوژراون و تەرمى ٣٤ چەکداریان کەوتووەتە دەست شەڕڤانان. هەروەها چوار چەکدارى داعش دیلکراون و ١٢ ئۆتۆمبێلى بۆمبڕێژکراوى داعش پێش ئەوەى بگەنە سەنگەرى شەڕڤانان تەقێنراونەتەوە.

باسى ئەوەشیان کرد، شەڕڤانان دەستیان بەسەر ١٤ ئۆتۆمبێلى سەربازى، هەشت دۆشکە، چوار تۆپهاوێژ، شەش هاون، سێ لۆری، هەشت ماتۆڕ سکیلى چەکدارەکانى داعشدا گرتووە. جگە لەوانەش شەڕڤانان ٢٤٠ بۆمبى چێندراوى داعشیان پوچەڵکردووەتەوە.

قۆناغى دووەمى ئۆپراسیۆنى توڕەیى فورات

ڕۆژى ١٠ى کانوونى یەکەمى ٢٠١٦ قۆناغى دووەمى ئۆپراسیۆنى توڕەیى فورات بۆ کۆنترۆڵکردنى ڕەقە دەستیپێکرد و جیهان ئەحمەد وتەبێژى ئۆپراسیۆنى توڕەیى فورات ڕایگەیاند، لە قۆناغى یەکەمى ئۆپراسیۆنەکەدا ٧٠٠ کلیۆمەتر چوارگۆشە لەلایەن شەڕڤانانەوە کۆنترۆڵکراوە.

ڕۆژى ٢٠ى کانوونى یەکەمى ٢٠١٦ جیهان شێخ ئەحمەد وتەبێژى ئۆپراسیۆنى توڕەیى فورات لە کۆنفڕانسێکى ڕۆژنامەنووسیدا لە نزیک ڕەقە ڕایگەیاند، لە ماوەى ١٠ ڕۆژى یەکەم لە قۆناغى دووەمى ئۆپراسیۆنى توڕەیى فوراتدا، ٩٧ گوند و دەیان کێڵگە و گردى ستراتیژى لە باکوورى ڕۆژئاواى ڕەقە ڕزگارکراون و شەڕڤانان گەیشتوونەتە سەر لێوارەکانى ڕووبارى فورات لە باکوورى ڕۆژئاواى ڕەقە.

وتەبێژی ئۆپراسیۆنى توڕەیى فورات ڕاشیگەیاند، لە ماوەى ئەو ١٠ ڕۆژەدا، ٩٦ چەکدارى داعش کوژراون و حەوت چەکدارى تریان لێ دیلکراوە و چەکدارێکیشیان لەگەڵ خێزان و منداڵەکانیدا خۆى ڕادەستى شەڕڤانان کردووە.

بەپێى ئامارەکەى ژوورى ئۆپراسیۆنى توڕەیى فورات، کە جیهان شێخ ئەحمەد ئاشکراى کرد، لە ماوەى ١٠ ڕۆژ لە قۆناغى دووەمى ئۆپراسیۆنەکەدا، ٩ شەڕڤان شەهیدبوون و ١٢ شەرڤانیش برینداربوون.

شەڕڤانان لە ماوەى ئەو ١٠  ڕۆژەدا جگە لە شکستدانى چەکدارەکانى داعش لە ناوچەکانى باکوورى ڕۆژئاواى ڕەقە، توانیویانە دەست بەسەر هەزار و ٨٥٦ چەکى هاوەن و ئۆتۆمبێل و کاتیوشا و بیکەسەى و چەندین چەک و کەرەستەى جۆراجۆرى ترى چەکدارەکانى داعشدا بگرن و ٥٥٠ بۆمب و مینى چێندراوى چەکدارەکانى داعشیش پوچەڵ کراونەتەوە.

فەرماندەیى ژوورى ئۆپراسیۆنى توڕەیى فورات ڕۆژی ١ى کانوونى دووەمى ٢٠١٧ ئەنجامى ٢١ ڕۆژ لە قۆناغى دووەمى ئۆپراسیۆنى توڕەیى فورات بۆ کۆنتڕۆڵکردنى ڕەقە بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، شەڕڤانان لەو ماوەیەدا ١١٠ گوندیان لە باکوورى ڕۆژئاواى ڕەقە و ڕۆژئاواى ڕەقەدا ڕزگارکردوو و ٢٧٧ چەکدارى داعشیش لەو هەڵمەتەى شەڕڤاناندا کوژراون و ١٣ چەکدارى داعشیش دیلکراون.

ئەوەش خراوەتەڕوو، دووەمین قۆناغى ئۆپراسیۆنى توڕەیى فورات بەردەوامە و لە ٢١هەمین ڕۆژیدا لە شارۆچکەى تەل سەمین، کە دەکەوێتە ١٢ کیلۆمەتریى شارى عەین عیساوە لە دوو قۆڵەوە دەستی بەپێشڕەویکردووە و لە ئێستاشدا شەڕڤانان جگە لەو دوو قۆڵە، لە هەر دوو قۆڵى قادرییە و کەردۆشانەوە بەردەوامن لە پێشڕەویکردن.

بەپێى ڕاگەیاندراوەکەى فەرماندەیى ژوورى ئۆپراسیۆنى توڕەیى فورات، شەڕڤانان لەو ماوەیەدا توانیویانە دەست بەسەر ١١ هەزار و ٤٢ کاتیوشا، چەکى هاوەن، دۆشکە، ئۆتۆمبێل، گولـلە و کەرەستەى جۆراجۆرى سەربازیى چەکدارەکانى داعشدا بگرن.

شارى ڕەقە ماوەى سێ ساڵە لە کۆنتڕۆڵى چەکدارەکانى داعشدایە و ئەو چەکدارانە شارى ڕەقە بە پایتەختى خەلافەتەکەیان ناو دەبەن.

ر.م