تائێستا کاتی کۆبوونەوەی نێوان مامۆستایانی ناڕازی و حکومەت دیاری نەکراوە

تائێستا کاتی کۆبوونەوەی نێوان مامۆستایانی ناڕازی و حکومەت دیاری نەکراوە
7 رۆژ پێش ئێستا

7762 جار خوێندراوەتەوە

+ -

سەرچاوەیەک لە ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی دەڵێت، حکومەتی هەرێم و مامۆستایانی ناڕازی کۆبوونەوەیەک ئەنجام دەدەن، مامۆستایانی ناڕازیش دەڵێن، ئاگادارنەکراونەتەوە لە ئەنجامدانی کۆبوونەوەکە و کاتەکەی دیاری نەکراوە.

دواکۆبوونەوەی دەستەی مامۆستایانی ناڕازی و ئەدهەم بارزانی، سەرۆکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پارتی لە سلێمانی و هەڵەبجە، سەرچاوەیەک لە سەرکردایەتی پارتی لە سلێمانی، بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی ڕاگەیاند، بڕیاردراوە سەرۆکی حکومەت و مامۆستایانی ناڕازی کۆببنەوە.

وتیشی، تائێستا بەفەرمی کاتی کۆبوونەوەکە دیاری نەکراوە، بەڵام سەرۆکی حکومەتی هەرێم لەگەڵ مامۆستایاندا کۆدەبێتەوە و هەردوولا گفتوگۆ لەسەر چارەسەرکردنی کێشەکان دەکەن.

هاوکات ئاکۆ جەمیل، ئەندامی دەستەی مامۆستایانی ناڕازی، بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی ڕاگەیاند، ئەوان تائێستا ئاگادار نەکراونەتەوە بۆ کۆبوونەوەیان لەگەڵ سەرۆکی حکومەتی هەرێمدا.

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد، ئەوان لەکاتی ئەنجامدانی کۆبوونەوەکەدا، داواکارییەکانی مامۆستایان لەبارەی دابەشکردن و پاشەکەوتی مووچەوە دەخەنەڕوو.

ئەوەش لە کاتێکدایە پێشتر، ئەدهەم بارزانی بە مامۆستایانی ناڕازی ڕاگەیاندبوو، ئەو هەوڵدەدات کۆبوونەوەی نێوان مامۆستایانی ناڕازی و حکومەتی هەرێم ڕێکبخات، خۆشی دەبێتە نوێنەری مامۆستایانی ناڕازی بەمەبەستی جێبەجێ کردنی داواکارییەکانیان.
م.ر