حکومەت ڕەتیکردەوە فڕۆکە لە هەرێمەوە فڕیبێت و بۆردومانی جزیرەی کردبێت

حکومەت ڕەتیکردەوە فڕۆکە لە هەرێمەوە فڕیبێت و بۆردومانی جزیرەی کردبێت
لۆگۆی حکومەتی هەرێم
7 رۆژ پێش ئێستا

12568 جار خوێندراوەتەوە

+ -

سەفین دزەیی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕەتیکردەوە فڕۆکە لە هەرێمی کوردستانەوە فڕیبێت و بۆردومانی ناوچەی تل عەلۆی سەربە کانتۆنی جزیرەی کردبێت.

ئەمڕۆ ١١ی کانونی دووەمی ٢٠١٧، سەفین دزەیی ڕایگەیاند "هەواڵێکی پەیەدە رەتدەکەینەوە کە گوایە لە بنکەیەکی سەربازی هەرێمی کوردستانەوە چەند فڕۆکەیەک هەڵسابێتن و ناوچه‌ى تل عه‌لۆى سه‌ر به‌ جزیره‌یان بۆمباران كردبێت".

ئەوەشی وتووە "دوێنێ له‌ به‌یاننامه‌یه‌كدا كه‌ به ‌ناوى ده‌سته‌ى به‌رگرى و پاراستنى خۆیى، سه‌ر به‌وه‌ى په‌یه‌ده‌ ناوى كانتۆنى جزیره‌ى لێناوه‌، بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ و ئه‌و تۆمه‌ته‌ ده‌داته‌ پاڵ حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان کە گوایه‌ ڕۆژى سێى ئه‌م مانگه‌ چه‌ند فڕۆكه‌یه‌كى جه‌نگى له‌ بنكه‌یه‌كى سه‌ربازیى ئاسمانى له‌ هه‌رێمى كوردستان هه‌ڵساون و ناوچه‌ى تل عه‌لۆى سه‌ر به‌ جزیره‌یان بۆمباران كردووه‌".

لە بەیاننامەکەدا ڕاشیگەیاندووە "له‌گه‌ڵ ڕه‌تكردنه‌وه‌ى ورد و دروشتى ئه‌و به‌یاننامه‌یه‌ كه‌ ته‌نیا مایه‌ى پێكه‌نینه‌ و نیشانده‌رى ڕادده‌ى نه‌خۆشیى نووسه‌ركانیه‌تى، ده‌ڵێین: دیاره‌ جه‌ماعه‌تى به‌ناو كانتۆنى جزیره‌ خه‌ونیان بینیوه‌، ئه‌گینا كوا بنكه‌ى سه‌ربازیى ئاسمانى له‌ هه‌رێمى كوردستان هه‌یه‌؟! به‌ڵام دیاره‌ ئه‌وانه‌ سه‌ریان لێ شێواوه‌".

ئەمەش دوای ئەوە هات کە دوێنێ ده‌سته‌ى پاراستن و بەرگری کانتۆنى جزیره‌ ڕایگەیاند، چه‌ند فڕۆکه‌یه‌ک کە لە بنکە سەربازییەکانی هەرێمی کوردستانه‌وه‌ فڕیون و به‌شێکى ڕۆژئاواى کوردستانیان بۆردومان کردوه‌.

ئەوەشیان وت "چه‌ند کۆپته‌رێک که‌ گومان ده‌کرێت سه‌ربه‌ تورکیا بن، له‌ ٣ی ئه‌م مانگەدا‌ له‌ سنوری عێراق و سوریاوە چوونه‌تە سه‌ر ئاسمانی ڕۆژئاوای کوردستان و گونده‌کانی ده‌وروبه‌ری تل عه‌لۆی سه‌ربه‌ شاری چلاغای کانتۆنی جزیره و چەند ناوچەیەکی دەوروبەریان بۆردومان کردووە".

ک.ئ