نێچیرڤان بارزانی: ئەگەری هەیە هێز لە دژی پەکەکە بەکاربێت، بەڵام ئەوە لە بەرژەوەندی کەس نیە

نێچیرڤان بارزانی: ئەگەری هەیە هێز لە دژی پەکەکە بەکاربێت، بەڵام ئەوە لە بەرژەوەندی کەس نیە
4 هەفتە پێش ئێستا

47587 جار خوێندراوەتەوە

+ -

سەرۆکى حکومەتى هەرێم لە دیدارێکدا لەگەڵ ماڵپەرى ئەلمۆنتەردا ڕایگەیاند، بونی هێزەکانی پەکەکە لە ئیستادا لە شەنگال نا سەقامگیرییە و ئەگەری هەیە هێز لە دژیان بەکاربهێندرێت، بەڵام ئەوە لە بەرژەوەندی هیچ لایەنێک نیە.

نێچیرڤان بارزانی لە دیدارەکەدا وتویەتی "بەدڵنیاییەوە هێزەکانى پەیەدە رۆڵێکى زۆر گرنگیان هەبوو لە پاراستنى ئێزدییەکان، و ئێمە ئەو چالاکییانەیان دەنرخێنین و سوپاسیان دەکەین. بەڵام لەئێستادا بوونى هێزەکانى پەکەکە لە ناوچەکەدا جگە لە دروستکردنى ناسەقامگیرى زیاتر هیش شتێکى تر نییە".

وتوشیەتی " بەهۆى پەکەکەوە ئێزدییەکان ناتوانن بگەڕێنەوە ماڵ و حاڵى خۆیان، چونکە ترسى ئەوەیان هەیە پێکدادانى نوێ ڕووبدات. نێچیرڤان بارزانى دەڵێت ئێمە بە قەناعەتێکى تەواوە دەڵێین پێویستە پەکەکە شنگال چۆڵ بکات بۆ ئەو مەبەستەش قسەمان لەگەڵ بەغدا و واشنتنیش کردووە".

سەرۆکى حکومەتى هەرێم لەبارەی دۆخی حکومەتی هەرێمەوە وتویەتی "دوو کۆمپانیا دەستیان کردووە بە وردبینى کردن لە داهات و خەرجى و چالاکییەکانى کەرتى نەوت و وزەى هەرێمدا، بەڵام ڕێگەیان پێنادەین کە دەقى ڕێککەوتنەکەمان لەگەڵ حکومەتى تورکیادا ببینن".

ئاماژەی بەوەشکردووە "بەهۆى ئەنجامدانى ئەو چاکسازییانەى لە پرسى مووچە و خەرجییەکاندا دەکرێت قوربانى زۆرم داوە، بەڵام لە داهاتوودا گەلەکەمان بۆى دەردەکەوێت ئەو چاکسازییانە لەبەرژەوەندى ئەواندا بووە".

لەبارەی حکومەتی عێراقەوە نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاندووە "بە عەبادى و هاوپەیمانێتى شیعەم وتووە لەکۆتاییدا ئامانجى ئێمە سەربەخۆییە، پێویستە ئەو بابەتە زۆر بەجیدى وەربگرن".

 نێچیرڤان بارزانى دەڵێت ئەوان تووشى شۆک بوون بەو قسانەم بەڵام سوپاسى ئەوەیان کرد کە بە ڕاشکاوى لەگەڵیاندا دواوم. بەشێوەیەکى ئاشکرا پێم وتوون لەپێشوودا لە میدیاوە باسى ئەوە کراوە بەڵام لەئێستادا بە فەرمى پێتان دەڵێم و ئامانجى ئێمە سەربەخۆییە و پێویستە ئەنجومەنێک دروست بکەیت بۆ گفتوگۆکردن لەوبارەیەوە.

لەبارەی سەربەخۆیی و کاردانەوەی وڵاتانی دراوسێ سەرۆکی حکومەتی هەرێم وتویەتی "پرسى سەربەخۆیى هەرێمى کوردستان بەلاى ئێرانەوە هێڵى سوورە بەڵام بۆ تورکیا بەوشێوەیە نییە و لە ساڵى ٢٠١٧دا بەشێوەیەکى فەرمى گفتوگۆکانمان لەگەڵ تورکیادا بۆ پرسى سەربەخۆیى دەستپێدەکەین".

نێچیرڤان بارزانى لەوبڕوایەدایە هیچ لایەنێک لە هەرێمى کوردستاندا دژى سەربەخۆیى نییە و هەموومان لەسەر ئەو پرسە هاوکۆکن، چونکە ئەو بابەتە لەسەرووى حزبایەتى و پرسە سیاسییەکانەوەیە.

نێچیرڤان بارزانى بەگرنگییەوە باس لە هەماهەنگى نێوان پێشمەرگە و سوپاى عێراقى دەکات وباس لەوەش دەکات هۆکارى خاوبوونەوەى ئۆپەراسیۆنەکان دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەى وێرانکارى زۆر ئەنجام نەدرێت و ژیانى هاووڵاتیانى مەدەنى بپارێزرێت

لەبارەى ترەمپەوە نێچیرڤان بارزانى ڕایگەیاندووە دوو مانگ لەمەوبەر پێشبینیم کردووە کە دەبێتە سەرۆکى ئەمەریکا و پێموایە ئیدارەى داهاتووى ئەمەریکا لەگەڵ کورددا دۆستانە مامەڵە دەکات.

ب.ح