ریۆس دوای 12 ساڵ دۆرتمۆند جێدەهێڵێت

PM:01:11:04/05/2024

236 جار خوێندراوەتەوە

+ -

مارکۆس ریۆسی 34 ساڵ یاریزانە بە وەفا و خۆشەویستەکەی هاندەرانی دۆرتمۆند پاش 12 ساڵ بڕیاریدا یانەکە جێبهێڵێت.

مارکۆ ریۆسی لە ساڵی 2012 و لە تەمەنی 22 ساڵیدا گەڕایەوە بروسیا دۆرتمۆد پێشتر لە تەمەنی لاویدا پێش بوون بە یاریزانیکی پیشەگەر یاری بۆ دەکردن، یاریزانەکە نموونەی وەفایە لەلای هەنگەکانی ئەڵمانیا بەو پێیەی لە لوتکەی ئاستیدا چەندین گرێبەستی یانە گەورەکانی ئەوروپای پێگەیشت بەڵام رەتیکردەوە و بڕیاریدا گەشتەکەی لەگەڵ یانەکە درێژە پێبدا.

مارکۆ لەو ماوەیەدا چەندین یاریزانی بەڕێکردووە وەک لیڤاندۆڤسکی و گۆتزە و هالاند و سانچۆ و ئۆبامیانگ و چەندان ئەستێرەی تر کە هەموویان روویان لە یانە گەورەکانی تری ئەوروپا کرد بەڵام ئەو دۆرتمۆندی جێنەهێشت و بە خۆشەویستی هاندەران مایەوە تا کۆتاییەکانی ژیانی یاریکردنی.

ئەستێرەکە لە ماوەی 12 ساڵی یاریکردنیدا لەگەڵ بروسیا بەشداری لە 424 یاری کردووە و تێیدا توانیویەتی 168 گۆڵ تۆماربکات و 128 گۆڵیش بۆ هاوڕێکانی درووست بکات، وە پێنج نازناوی لەگەڵ یانەکە بەدەستهێناوە، بەهۆی ئاستە بەرز و نایابەکەشیەوە سێ جار بە باشترین یاریزانی وەرزی بۆندس لیگا دیاریکراوە.

ئەستێرە ئەڵمانیەکە زۆر جار پیکان بەرۆکی گرتووە و لەم وەرزەدا بەشداری لە 37 یاری کردووە لەگەڵ دۆرتمۆند، تێیدا حەوت گۆڵی تۆمارکردووە و حەوت ئەسیستی هەبووە، لە ئێستادا هەلی ئەوەیان هەیە بگەنە یاری کۆتایی چامپیۆنزلیگ و بەدەستی بهێنن، ئەو نازناوەش دوایین نازناوە ریۆس لە پێناویدا دەجەنگێت لەگەڵ زەردپۆشەکان.

لە ئێستادا پاش 12 ساڵ ریۆس بڕیاری جێهێشتنی بروسیا دۆرتمۆندی داوە بەڵام نازانرێت داهاتووی چی دەبێت و پەیوەندی بە یانەیەکی ئەوروپیەوە دەکات یان وەک زۆرێک لەو یاریزانانەی تەمەنیان هەڵدەکشێت روودەکاتە خولی ئەمریکی یان سعودییە.

خ . ک