سبەینێ لە خولەکانی جیهان چەندین یاری بەهێز بەڕیوەدەچێت

PM:05:43:03/05/2024

244 جار خوێندراوەتەوە

+ -

سبەینێ لە خولی ئیسپانیا ریاڵ و بەرشەلۆنە بە جیا یاریان هەیە و لە خولی ئینگلتەراش مان سیتی میوانداری ولڤەرهامپتۆن دەکات.

یارییەکانی خولە ناوخۆییەکانی ئەوروپا بەردەوامییان هەیە، سبەینێ لە هەفتەی 34ی خولی ئیسپانیا و لە کاتژمێر پێنج و 15 خولەکدا، یانەی ریاڵ مەدرید لە یاریگای خۆیدا میوانداری قادیش دەکات.

یانەی شاهانە لەو یاریەدا دەیەوێت بردنەوە بەدەستبهێنێت تا هەنگاوێک زیاتر نزیکبێتەوە لە بردنەوەی نازناوەکە، جگە لەوەش چاوەڕێی ئەوە دەکات بەرشەلۆنە تووشی شکستبێت تا بە فەرمی ببێتە پاڵەوان.

لە کاتژمێر حەوت و 30 خولەکیشدا، یانەی بەرشەلۆنەی دووەمی ریزبەندی لە دەرەوەی یاریگای خۆی دەبێتە میوانی جیرۆنا.

یانە کەتەلۆنیەکە دوو ئامانجی هەیە، ئەوانیش بەردەوامیدان لە کێبڕکێ کردنی ریاڵ مەدرید لەسەر نازناوی خولی ئیسپانیا، هەروەها بەهێزتر کردنی پێگەی خۆی لە پلەی دووەمی ریزبەندیدا.

هەر سبەینێ بەڵام لە خولی ئینگلتەرا و لە کاتژمێر حەوت و 30 خولەکدا، یانەی مانچستەر سیتی لە یاریگای ئیتیحاد رووبەڕووی ولڤەرهامپتۆن دەبێتەوە.

مان سیتی کە بە کۆکردنەوەی 79 خاڵ لە پلەی دووەمی ریزبەندیدایە، ئامانجی بەدەستهێنانی سێ خاڵی یاریەکەیە تا فشاری زیاتر بخاتە سەر ئارسناڵی پێشەنگ.

لە خولی ئیتاڵیا و لە کاتژمێر نۆ و 45 خولەکیشدا، یانەی ئینتەر میلانی پاڵەوانی خولەکە لەدەرەوەی یاریگای خۆی دەبێتە میوانی یانەی ساسۆلۆ.